fredag 23 oktober 2015

ئەمەریکا: هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا داعشی بەهێزتر کردووە


ئەمەریکا: هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا داعشی بەهێزتر کردووە

ئەمەریکا ڕەخنەی لە ڕووسیا گرتووە لەسەر ئەو بوردومانانەی لە سوریا ئەنجامی دەدات، دەڵێت ئەو هێرشانە دەبنە مایەی بەهێزبوونی داعش و هەروەها کوژرانی بە دەیان کەسی سیڤیل و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و ێرانبوونی قوتابخانە و بازاڕەکان.


لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە بارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، سامانثا پاوەر باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز کرد کە لەسەر بنچینەی زانیاریـیەکانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئامادەی کردبوو، ئەویش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی 80% ی ئەو ئامانجانەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە لە سوریا هێرشی کردوونەتەسەر، لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی داعش بوون.
خانم پاوەر لەم بارەیەوە گوتی ڕووسیا بە هێرشی بۆ سەر گروپە ناتوندڕەوەکان داعشی بەهێزکردووە کە لە ئێسـتادا توانیویەتی شوێنی زیاتر لە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب داگیربکات. گوتیشی لەوەتای ڕووسیا هێرشەکانی دەسـتپـێکردووە نەخشەی سوریا بۆ بەرژەوەندی داعش گۆڕاوە.
پاشان گوتی بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی ئەم دوایـیانەی هێزەکانی ئەسەد بە پاڵپشـتی چەکدارانی ئێران و حزبوڵڵا و هێزی ئاسمانی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندان، نزیکەی 85 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
ئاماژەی بۆ زانیاری گروپەکانی چاودێری ناو سوریاش کرد و گوتی ئەو گروپانە دەڵێن بە هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا بە لایەنی کەم 100 کەسی سیڤیل کوژراون و ژێرخانی چەندان ناوچە وێرانبوون، لەوانە قوتابخانە و بازاڕەکان.
دواتر گوتی شەڕی ناوخۆی سوریا کەوا نزیکەی 5 سـاڵە درێژەی کێشـاوە، تەنها بە لاچوونی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەسەر دەسەڵات کۆتایی پـێدێت.
دەنگی کوردی ئەرمەریکا

0 kommentarer:

Skicka en kommentar